کوڕێکی گەنجی خەڵکی ڕانیە لە ڕێگای تونس بۆ ئیتاڵیا لە نێو بەلەمەکەیاندا بریندار دەبێت و دوای دە ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ ٩تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، خێزانەکەی ڕۆژ ئەحمەد لە ئیتاڵیاوە ئاگادارکراونەتەوە کە کوڕەکەیان گیانی لە دەستداوە، ڕۆژ لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ ئەیلول لە ڕێگای نێوان تونس و ئیتاڵیا لە بەلەمەکەیاندا بە هۆی شەپۆلی دەریاوە دەکەوێت و سەری بەر پارچە ئاسنێک کەوتوە و دواتر لە ڕێگای هێلیکۆپتەرەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیا و دوای ١٠ ڕۆژ مانەوە گیانی لەدەستداوە.
بە پێی زانیاریەکان ڕۆژ تاقانەبوە و لە قەزای ڕانیە لەگەڵ دایکیدا ژیاوە، ٢٤ کۆچبەری دیکە لەگەڵ ڕۆژ بوون و بە دوو بەلەم لە تونسەوە بەرەو ئیتالیا بەڕێکەوتوون.
بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ هەتا شەش مانگی نیوەی ساڵی ٢٠٢٥، ٤٤ هاوڵاتی کوردستان لە ڕێگەی چوون بۆ ئەوروپا گیانیان لە دەستداوە کە ١٤ کەسیان خەڵکی ئیدارەی ڕاپەڕین بوون.