هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایانگەیاند، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا گردی سیریا تێل و دەوروبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردوە.
ئەمڕۆ ٩تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) یڵاویکردوەتەوە" لە گرژی و پێشێلکاریەکی نوێی ئاگربەستدا، کاتژمێر ١٧:٣٠ گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە ناوچەکانی دەوروبەری شێری منبجەوە، گردی سیریا تێل و دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بە تۆپ بۆردومان کرد".
بەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا هەسەدە ڕایگەیاند" کە هێرشێکی چەکدارەکانی حکومەتی دیمەشقیان پوچەڵکردوەتەوە کاتێک ویستویانە هێرش بکەنە سەر بەنداوی تشرین و پێکدادن ڕویداوە کە بوە هۆی کوژرانی چەکدارێک".
ئەمە لە کاتێکدایە ٦ تشرینی یەکەم چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، کە دوو گەڕەکی کورد نشینن لە شاری حەلەب و لە ئەنجامدا ٢ کەس شەهید بوون و ٦٠ کەسی دیکە برینداربوون و ڕۆژی دواتر وەزیری بەرگری حکومەتی کاتی سوریا، ووتی" ئاگربەستیان لەگەڵ هەسەدە کردوە و شەڕ ڕاگیراوە".
ڕۆژی ٧ تشریینی یەکەم ٢٠٢٥ شاندێک لە نوێنەرانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرپەرشتی موزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبونەوە دەربارەی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار.