هەر کەسێک مێژووی مامەیارە تێکبدات خیانەتەکەی وەک سەرۆک جاشێکی ئەنفالە

‌ئەرشێف_ گردی مامەیارە

عەبدول ڕەقیب یوسف مێژوونوس و شوێنەوارناس دەڵێت" هەر کەس و لایەنێک شوێنی مێژووی و شوێنەواری و کەلەپوری بداتە بازرگانەکان و هەر لایەن و کەسێک، ئەوە خیانەتێکی گەورە دەکات بەرامبەر کورد و کوردستان".

 ڕۆژی ٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، مێژونووس و شوێنەوارناس عەبدولڕەقیب یوسف  سەبارەت بە کارێزی وەستا شەریف لە مامەیارەی سلێمانی نوسراوێکی بە واژۆی خۆی ئاراستەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کردوە، و نوسیویەتی "مێژوو فرۆشان دەچنە زبڵخانەی مێژووە، تف و لەعنەت دەچێت بۆ گیانی ناپاکیان و هیچ خیانەتێک بزر نابێت و هەر کەسێک شوێنی مێژووی تێکبدات خیانەتەکەی وەک سەرۆک جاشێکی ئەنفالە".

لە کۆتایشدا دەڵێت" دەکرێت شوێنی دیکە بدرێت بە یانەکانی وەرزش، شوێن زۆرە" .

ڕۆژی ٤تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بەرپرسانی یانەی سیروان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایانگەیاند، لە ساڵانی پێشوتردا و بە بڕیاری کۆسرەت ڕەسوڵ، زەویەک لە نزیک مامە یارە بە ناوی یانەکەی ئەوانەوە کراوە.

 ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە ڕاگەیاندراوێکدا شارەوانی سلێمانی ڕەتیکردەوە ڕێگا بدەن گردی مامە یارە بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون. 

گردی مامەیارە یەکێکە لە گردەکانی شاری سلێمانی کە بۆ خەڵکی شارەکە جێگایەکی گرنگە و لە سەردەمی پیرەمێردی هۆنەرەوە بوەتە سمبولی نەورۆز، ساڵانە یەکێکە لەو جێگایانەی لەگەڵ هاتنی نەورۆز خەڵک ڕووی تێدەکات و ئاگری نەورۆزی لێدەکرێتەوە و پیرەمێردی هۆنەر لەوێ بەخاک سپێردراوە،  ناوی گردەکە لە یەکێک لە سوارەکانی دوازدە سوارەکەی مەریوانەوە وەرگیراوە، ئەم تایبەتمەندیانە وایکردوە خەڵکێ شارەکە بۆیان گرنگ بێت گردەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و بپارێزرێت وەک سمبولێک.





PM:10:58:09/10/2025