بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر تاوتوێکردنی پرسی مووچە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتی بکەن.
میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە کە، ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، "بریتییە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەمیدا، بە ئامانجی زیاتر لێک نزیککردنەوەی هەردوو حکومەتی بەغداد و هەرێم”.
بە پێی ئەو زانیارییانە: "سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای ناردنی بەپەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها داوا دەکات کە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە ڕێکبخرێتەوە، بە جۆرێک کە مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق پێکەوە و لە یەک کاتدا مووچەکانیان وەربگرن”.
جگە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیارە لەم سەردانەیدا بافڵ تاڵەبانی چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حیزبی و حکومیی دیکە لە بەغداد بکەوێت.