هەڵسوڕاوێکی بەرەی گەل دەڵێت" ناتوانین بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین، چونکە حزب پارەی نیە و فشاری ئەمنیش لەسەر هەڵسوڕاو و لایەنگرانمان هەیە".
ئەمڕۆ ١١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، شادمان مەلا حەسەن، هەڵسوڕاوی بەرەی گەل لە لێدوانێکی میدیایدا باسی لە هۆکاری بانگەشەنەکردنیان بۆ لیست و بەربژێریەکانیان دەکات و دەڵێت " پۆستەرمان لە هیچ شوێنێک هەڵنەواسیوە و جارێ دیاریش نیە کە دەتوانین کۆبونەوەی جەماوەری بکەین یاخود نا".
بەرەی گەل و بەربژێرەکانی تا ئێستا لە ڕێگەی توڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەشە دەکەن، جیاواز لەو دۆخە داراییەی هەڵسوڕاوانی بەرەکە باسی دەکەن دوای ڕوداوەکانی ٢٢ تەموزی ٢٠٢٥ و دەستگیرکردنی سەرۆکی بەرە گەل (لاهور شێخ جەنگی)، دۆخی ئەمنیش ڕێگرە لێیان، بە قسەی شادمان مەلا حەسەن، ئەو کەسانە بانگ دەکرێن و لێپرسینەوەیان لە لایەن هێزی ئەمنیەوە لێدەکرێت کە بانگەشە بۆ بەرەی گەل دەکەن بە تایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەتا وتویەتی" لە سنوری کەرکوک گوشار لە بەربژێر و لایەنگرانمان دەکرێت".
٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکردوە کە بڕیارە ڕۆژی ١١ مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت و پارتە سیاسیەکان و بەربژێرەکان بە شێوازی جیاواز بە پێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامن لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن.