بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکوک، تەقەی تێکەوت


بە پێی چەند گرتەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکوک، پاسەوانی دوو بەرپرسی پارتی تەقەیان کردوە.

ئەمڕۆ، ١١تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە بەشداری بەربژێرەکانی لە کەرکوک دەست پێکرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەکەدا، دەنگی تەقە دەبیسترێت، بە پێی چەند گرتەیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە، دەردەکەوێت کە تەقە بەسەر لایەنگرانی و کادرانی پارتیدا دەکرێت و ترس و هاوارکردن هەیە، لە کاتێکدا پاسەوانەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە دوو بەرپرس گولە بە ئاراستەی ئاسمان دەتەقێنن، کۆبونەوەکە لەبەردەم بارەگای دووی ئەو پارتە لە شۆریجە بوە. 

شاخەوان عەبدوڵا سەرۆکی لیستی پارتی لە کەرکوک دەربارەی ڕوداوەکە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان دەڵێت "هیچ شتێک نەبوە، خەڵک تینوی پارتیە لە کەرکوک، تەقەکە بۆ ئەوە بوە قەراباڵغی لای منەسەکە کەم بکەنەوە، کەس ناتوانێت گێرە شێوێنی لە ئاهەنگی پارتی بکات".

وتیشی'' لەکەرکووک بانگەشەکانیان بەشێوەیەکی هێمنانە بەڕێوەدەبەن و ئامانجیان پاراستنی کورسییەکانی کوردە لەو شارە و خەڵکی کەرکووک بە وەفان و ڕێز لە مێژوو و قوربانیدانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرن. ئێمە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتیان.''

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی كەركووک - گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند'' دەمانەوێت ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری و ڕێگاو بان و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ بۆ كه‌ركووك بگوازینەوە.'' 

١١تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە ٣ تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە، پارت و بەربژێرەکان بەردەوامن لە هەڵمەتی بەنگەشەی هەڵبژاردن بە ئومێدی بە دەست هێنانی زۆرترین دەنگ..





PM:06:58:11/10/2025