ئەحمەد تورک: پێویستە هەموو کورد هاوار بکات و بڵێت سووریا هێڵی سوورە

ئەحمەد تورک رووی دەمی لە حکومەتی تورکیا کرد و وتی" با لە بری دەستەی تەحریر شام کورد ببێتە دراوسێی کورد "، و وتیشی" پێویستە پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان خاوەندارێتی لە کوردانی رۆژئاوا بکەن".

ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد لە کۆنفرانسێکدا لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، رووی دەمی لە حکومەتی تورکیا کرد و وتی"لەبری ئەوەی دەستەی تەحریر شام ببێتە دراوسێی تورکیا، با کورد ببێت، ئایا قیامەت هەڵدەستێت؟". 
 
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی دیموکراسییانە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و بابەتە نەتەوەییەکان لە بابەتە ئایدیۆلۆژییەکان جیاوازن.
 
راشیگەیاند"ئێمە بە وریایی و پشوودرێژییەکی زۆرەوە بەدوای ئەم پڕۆسەیەدا دەچین. پێمانوایە گەیشتن بە کۆماری دیموکراسی بە هەوڵەکانی ئێمە دەبێتە راستی".
 
ئەحمەد تورک دەڵێت"  کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە و پێویستە پارتە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان خاوەندارێتی لە کوردانی رۆژئاوا بکەن و بڵێن سوریا هێڵی سوورە".
 




AM:10:33:12/10/2025