بافڵ تاڵەبانی جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی دوێنێ لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق کۆبوەوە و چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کرا و بڕیارە ئەمڕۆش چاوی بەچەندین کەسایەتی سیاسی دیاری عیراق بکەوێت.


دوێنێ شەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بەمەبەستی چاودێریكردن و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نه‌وتیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و لابردنی سه‌رجه‌م ئاسته‌نگه‌كان له‌ به‌رده‌میدا و به‌ئامانجی زیاتر لێكنـزیككردنه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌ت گەیشتە بەغدادی پایتەخت و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق کۆبوەوەو چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کرا و بڕیارە ئەمڕۆش چاوی بەچەندین کەسایەتی سیاسی دیاری عیراق بکەوێت .

لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق پرسەکانی پەیوەست بە کاروباری داد و سەربەخۆیی دادگاکان و سەروەربوونی یاسا، هەروەها رێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

هاوکات هەر دوێنێ سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق لە بەغداد کۆبووەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتر لەنێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵکی وڵات بێت کرایەوە.




AM:11:19:12/10/2025