بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ڕابردودا لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری ١٦هەزار و ٣٧٥ منداڵ چونەتە نەخۆشخانەکە و چارەسەریان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ، ١٢ی تشرینی یەکەم٢٠٢٥، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئاماری توشبوونی منداڵانی نەخۆش لە مانگی ڕابردودا کە سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدیان کردوە لە توڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردۆتەوە، بە پێی ڕاگەیەندراوەکە لە ١ی ئەیلول تا ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٥، لە هەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە ١٦هەزار و ٣٧٥ منداڵ بیندراون کە زۆرترین هۆکاری سەردانیکردن بە هۆی توشبوون بوە بە سکچون ڕشانەوە بوە.
قۆناغی تەمەنی منداڵی بە یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکان دادەنرێت بۆ توشبوون بە نەخۆشی بە هۆکاری لاوازی بەرگری جەستەی منداڵانەوە، لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکان جۆرەکانی پەتا یەکێکە لە باوترین ئەو نەخۆشیانەی منداڵ ڕوبەڕوی دەبێتەوە.