کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتی و پارتی لە ڕێگەی پارە و چاپکردنی فلێکس و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە یەک ڕێگا پشتیوانی بەربژێرەکانیان دەکەن.
بە پێی زانیاریەکانی میدیای پارتی، پارتی بە ٢٠ ملیۆن دینار و ٢٢٥ فلێکس ، یەکێتی بە نزیکەیی ١٠ ملیۆن دینار و چاپکردنی فلێکس پشتیوانی بەربژێرەکانی دەکات، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامیش بۆ هەر بەربژێرێک یەک ملیۆن دیناریان پێداون، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوسێست هیچ بڕە پارەیەک نادەن بە بەربژێرەکانیان بۆ بانگەشە، بەڵام فلێکسیان بۆ چاپ دەکەن، هەرچی سەبارەت بە بەرەی گەلە ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە بانگەشەی هەڵبژاردنی مەیدانی ناکا بە هۆی دۆخی ئابوریەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو دوو پارتەن کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکاندا بە بەروارد بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بانگەشەی بەهێزتر دەکەن و پشتیوانی دارایی بەربژێرەکانیان دەکەن تا بتوانن زۆرترین دەنگ بە دەست بهێنن.
١١تشرینی دووەم ٢٠٢٥ هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت، لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە، پارتە سیاسیەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیا و ڕیکلامی سەر شەقام و کۆبونەوە و کەرنەڤاڵەوە بانگەشە بۆ لیست و بەربژێرەکانیان دەکەن، یەکێک لە هێزەکانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن پەیوەستە بە هێزی ئابوری پارتە سیاسیەکانەوە.