جەهەپە: هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر چوونی شاند بۆ ئیمراڵی نیە


پەرلەمانتار و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دەڵێت تا ئێستا لە هیچ کۆبونەوەیەکدا باسی چوون بۆ ئیمراڵی نەکراوە.

دوێنێ، ١١تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، موراد ئەمیر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، دەڵێت " چوون بۆ ئیمراڵی لە کارنامەی لیژنەکەدا نییە و تا ئێستا بەسەر پەرشتی سەرۆکی کۆمسیۆنەکە   هیچ گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە نەبوە و کەس داوای هیچ بۆچونێکی نەکردوە لەم بارەیەوە".

١٠تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کردو وتی" چاوەڕێ دەکرێت لیژنەیەکی پێنج کەسی لە پێنج فراکسیۆنی پەرلەمان لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا سەردانی ئیمراڵی بکەن". 

قسەکانی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی جەهەپە لە کاردانەوەی قسەکانی پەروین بوڵداندا بوو، لە هەمان کاتدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) وتبوی ئەگەر پێویست بکات با لیژنەی کۆمسیۆن بچنە ئیمراڵی و گفتوگۆ بکەن.

چوونی شاندی کۆمسیۆنی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلانە، کە لە کۆبونەوەی ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بە شاندی ئیمراڵی راگەیاندبوو دەیەوێت لەگەڵ شاندی کۆمسیۆندا کۆببێتەوە.







PM:06:54:12/10/2025