سامانە سروشتییەکان: ٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە بەشی پێداویستی ناوخۆ ناکات

وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم  ئاشکرای دەکات کە ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی كە ڕۆژانە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ پێداویستی ناوخۆ بە هەرێمی كوردستانی دەداتەوە، بڕەكەی لە خواستی ناوخۆ كەمترە و بەغداش بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت.

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت باس لەوە كراوە، كە ئەگەر هاتوو بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، بەشی پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستانی نەكرد، ئەوا حكومەتی فیدراڵ قەرەبووی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و سووتەمەنی دابین دەكات، بەڵام تا ئێستا ئەوەی نەكردووە.

وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوە كرد، لەو بڕە نەوتەی كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی گل دەدرێتەوە، ڕۆژانە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت كە بە نرخی پاڵپشتیكراو بە (٧٥٠ دینار) بەسەر بەنزینخانەكانی دابەش دەكەین، بەڵام ئەو بڕە لە پێداویستیی ناوخۆیی كەمترە، هەر بۆیە نۆرەی دوور و درێژی بەنزینخانەكانی لێ دەكەوێتەوە.

بڕی ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار لتر بەنزینی بەرهەمهێنراو بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت؛
٠ پارێزگای دهۆك: ٣٨٠ هەزار لتر

٠ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە: ٥٠٠ هەزار لتر

٠ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ٦٢٠ هەزار لتر.

بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە بڕی سێ ملیۆن لتر بەنزین هەیە، ئەوەشی وت، " چەند جارێك داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە، ئەو كورتهێنانەمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەی ئێمەی نەداوەتەوە".

دەشڵێت" ئەگەر ئەو بڕە بەنزینەمان دەستبكەوێت، ئەوا دەتوانین بەنزین بەسەر سەرجەم بەنزینخانەكان دابەش بكەین و نۆرەگرتنی شۆفێران بۆ دەستكەوتنی بەنزینی حكومیی پاڵپشتیكراو، نامێنێت''.




PM:12:17:13/10/2025