سەرۆکێکی پێشوی پەرلەمانی تورکیا: ئامادەم بۆ گفتوگۆ بچمە ئیمراڵی


بولەنت ئارنچ یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکەپە و جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥ دەڵێت "ئەگەر کۆمسیۆنی پەرلەمان دەیەوێت پرۆسەکە بە تەندروست بڕوات، دەبێت ڕاستەوخۆ گوێ لە عەبدوڵا ئۆجەلان بگیرێت".

ئەمڕۆ، ١٣تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بولەنت ئارنچ سیاسەتمەدار و سەرۆکی خولی پەرلەمانی ٢٠٠٢-٢٠٠٧ و جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ ماوەی شەش ساڵ لە ئێکس(تویتەر) ڕایگەیاند " ئەگەر مەترسیەکان نەگیرێنەبەر، سەرکەوتن نایات، ئەگەر کەس ناچێتە ئیمراڵی من ئامادەم بچم و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببمەوە، و هەموو وردە کاریەکان بۆ لیژنەکەی پەرلەمان و ڕای گشتی بە شەفافی بگوازمەوە".

بولەنت کە لە ساڵانی ١٩٩٥-٢٠١٥ لە چەند خولێکی پەرلەماندا پەرلەمانتار بوە دەڵێت" من بە تەواوی لەگەڵ قسەکانی دەوڵەت باخچەلیم، دوورکەوتنەوە، پشتگوێخستن، یان وتنی "نەمبیست" چارەسەری ناهێنێت. ئەم گفتوگۆیە دەبێت لە ژێر چاودێری ئەو دامەزراوانەدا بێت کە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی لە پرۆسەکەدا هەڵدەگرن".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە هەر زیندانێکی هەتاهەتایی مافی ئەوەی هەیە لێخۆشبوون بیگرێتەوە و پێداچونەوە بە دۆسیەکەیدا بکرێت.

١٠تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کردو وتی" چاوەڕێ دەکرێت لیژنەیەکی پێنج کەسی لە پێنج فراکسیۆنی پەرلەمان لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا سەردانی ئیمراڵی بکە".
ئەم قسانەی پەروین بوڵدان ڕاستەوخۆ کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەمە لە کاتێکدایە چوونی شاندی کۆمسیۆنی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلانە، کە لە کۆبونەوەی ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بە شاندی ئیمراڵی راگەیاندبوو دەیەوێت لەگەڵ شاندی کۆمسیۆندا کۆببێتەوە.




PM:03:32:13/10/2025