شاندێکی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ حکومەتی سوریا کۆبونەوە


ئەمڕۆ "لیژنەی ئەمنی" لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری سوریا کۆبونەوە.

ئەمڕۆ، ١٣ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی سەربازی هەسەدە و ‌هێزی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر کە پێکهاتبون لە نۆ کەس لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆی سوریا کۆبونەوە، کۆبونەوەکان بە جیا کراون و سەرەتا لەگەڵ وەزیری بەرگری، مورهەڤ ئەبوقەسرە و دواتر لەگەڵ وەزیری ناوخۆ ئەنەس خەتاب ئەنجامدراوە. 

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە، بە پێی زانیاریەکانی سپی، لە کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی ئەمنی و چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هێزەکانی سوریا کراوە.

بە پێی چاوپێکەوتنێکی فەرمانداری هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی کە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ئەنجامیداوە، ئەوەی ئاشکراکردوە، لەگەڵ حکومەتی سوریا تا ئاستێک ڕێکەوتوون لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانیان، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر پرسی لامەرکەزیەت بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکبکەون




PM:06:14:13/10/2025