لە مەراسیمی ناساندنی بەربژێرەکانی پارتی لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی وتارێکی خوێندەوە و داوای لە کادرەکانی کرد، کە پێویستە هەموان کاربکەن، تا زۆرترین کەس دەنگ بدەن و دەنگی پارتی زیاتر بەرز بکەنەوە و بیگەیەننە یەک ملیۆن دەنگ.
ئەمڕۆ، ١٤تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدانی پارتی لە هەولێر، جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی کادر و بەربژێرانی حزبەکەی کرد و ڕایگەیاند" خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتییە، دەبێت شانازیی بە ئەو ئاوەدانییە بكەین كە لە هەولێر هەیە، ئەم هەڵبژاردنانە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە سەرەتایەک لە عێراق دەستپێدەکات، کە جێبەجێکردنی دەستوورە، و دەبێ بە گڕوتینەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەین".
١١تشرینی دووەم٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە، پارتە سیاسیەکان و بەربژێرەکان بە شێوازی جیاواز لە چوارچێوەی ڕێنمایەکانی کۆمسیۆندا بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن لە پێناو بە دەست هێنانی زۆرترین دەنگ.