کەرکوک.. پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەستی پێكردەوە

دوای چەند مانگێك لە ڕاگرتنی، پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە عێراق دەستی پێكردەوە و لە كەركوكیش فەرمانی پێ دەركرا و پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان بەسترا، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری نەداوە.

بەپێی بڕیاری سودانی، دەبێت سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران گشتاندنی پێ‌ كردووە بۆ سەرجەم وەزارەتەكان.

بەپێی چەند نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركو، بڕیاری دەستپێكردنەوە و بەستنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەركراوە.

لەسەرەتای ئەمساڵدا، بە بڕیارێكی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و هەژماری خزمەت و گواستنەوەی ڕاژە ڕاگیرا تاكو پەسەندكردنی خشتەكانی بودجە لە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی فەرمانبەران و نەناردنی خشتەكانی بودجە بۆ پەرلەمان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی دا.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم ١٠ ساڵە پلەبەرزكردنەوەی ڕاگرتووە و بەپێی نووسراوەكەی دارایی عێراق سەرمووچە و گواستنەوە و هەژماری ڕاژەەی ڕاگرتووە، بەڵام لە ئێستادا كە عێراق بڕیاری دەستپێكردنەوەی ئەو شایستانەی فەرمانبەرانی داوە، تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە.



PM:07:44:14/10/2025