" سپی " زانیاری ورد لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرووی ئاسمانی تورکیا بڵاودەکاتەوە


پاشنیوەڕۆی رۆژی چوار شەممە ١٥ ی تشرینی یەکەم داخستنی ئاسمانی تورکیا و فڕۆکەخانەکانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا لابرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" دوانیوەرۆی چوار شەممە ١٥ ی تشرینی یەکەم داخستنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕووی ئاسمانی تورکیادا هەڵگیرا".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد گەشتی یەکەم رۆژی ٣ ی تشرینی دووەم دوانیوەڕۆ کاتژمێر ٢:٤٠ گەشتێک ئەنجام دەدرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و کاتژمێر ٥:٤٠ دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی".

لەبارەی ژمارەی گەشتەکانەوە، سەرچاوەکەی " سپی " ئاماژەی بەوە کرد کە گەشتەکان هەفتانە چوار گەشت دەبێت تا مانگی ١٢ واتە کانوونی یەکەم".

لە مانگی ١٢ ەوە گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی تورکیا و سلێمانی دەبێت بە رۆژانە.( سەرچاوەکەی سپی رایگەیاند).

لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، تورکیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا ڕاگەیاند. تورکیا هۆکاری ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ "چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە" لە پارێزگای سلێمانی، و بە تایبەتیش ئاماژەی بە "هێنان و بردنی چەک و تەقەمەنی" لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەکرد.

پەیوەندییەکانی سلێمانی و ڕۆژئاوا یەکێکی دیکە بوو لە نیگەرانییەکانی تورکیا و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان (کە سلێمانی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تورکیا هەسەدە بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت.

ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکەی دهۆکیش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی تر کەڤ لە مانگی ئاداری ٢٠٢٣، هەلیکۆپتەرێک لە دهۆک کە چەند شەرڤانێکی رۆژئاوای هەڵگرتبوو کە لە ناویشیاندا فەرماندەیەک هەبوو کە دەوترێت لە کاتی گەڕانەوەیدا لە سوریا بۆ سلێمانی تێکشکا، ئەمەش گومانەکانی تورکیای زیاتر کرد.

لەو دەمەدا یەکێتی و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ناڕەزایەتی خۆیان لەسەر بڕیارەکەی تورکیا دەربڕی و بە زەرەرمەند زانیاریان بۆ هاووڵاتیان و ئابووری هەرێم.

هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیکردەوە کە هیچ هاوکارییەکی پەکەکە بکات و ڕایگەیاند کە داخستنی فڕۆکەخانەکە سزایەکی بەکۆمەڵە بۆ خەڵکی سلێمانی.





PM:04:43:15/10/2025