ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، هێمن هەورامی دەڵێت" پارتی ئامادە بووە دەستبەرداری وەزارتی دارایی ببێت لەکاتێکدا هەستیارترین وەزارەتە، ئەگەر پارتیش ئامادەبووبێ وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی، ئەوان ئامادە نەبوون پێش هەڵبژاردن حکومەت دروست بکرێت"
ئەمڕۆ، ١٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕوداو باسی لە دواین زانیاریەکان کرد سەبارەت بە پێکنەهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتی" ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە، حەقە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم پرسیارە لە پارتی و یەکێتی بکات بۆ حکومەتتان پێکنەهێنا؟ سەربەرزانە دەتوانم بڵێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکار نەبووە، ئەگەر پێش هەڵبژاردنی عێراق کابینەی دەیەمی حکومەت دروست بکرایە، ئەو دەستکەوتانەی لە پارتی دەتوانرا بەدەست بهێنرێ، زۆر زیاتر دەبوون لەو دەستکەوتانەی لە دوای هەڵبژاردن ئەگەر حکومەت دروست بکرێت".
سەبارەت بە ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو لایەنە لەسەر وەزارەتەکان ئەو بەرپرسەی پارتی ڕایگەیاند " لە مەلەفە داراییەکاندا، دوو وەزارەت هەن، سامانە سرووشتییەکان و دارایی، پارتی ئامادە بووە دەستبەرداری وەزارتی دارایی ببێت لەکاتێکدا هەستیارترین وەزارەتە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرکەوتەی وەزارەتی ناوخۆ بە هی خۆی دەزانێت و هەرگیز ئامادە نیە بیدات، بەڵام ئەگەر پارتیش ئامادەبووبێ وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی ئەوان ئامادە نەبوون پێش هەڵبژاردن حکومەت دروست بکرێت".
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا بە کارنامەی حکومەتەوە پێنج مانگ کاتیان کوشتوە و یەکێتی وتویەتی کە کارنامە بۆی گرنگە و دەڵێت" ئێمە بە قەناعەتی خۆمان، هەم لە ڕووی کارنامەی حکومەت و هەمیش لە رووی پۆستەکان، زیاد لە ئیستیحقاق لەگەڵ یەکێتی ویستوومانە بە شەراکەت دروستی بکەین، کە برادەران رەنگە ئەو ئامادەییەیان نەبووبێ پێش هەڵبژاردن بیکەن، رەنگە بیبەستنەوە بە هەندێ دۆخی دوای هەڵبژاردنی وەکو موعادەلاتی بەغداوە، بەڕاستی ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و دەبێ ئەم پرسیارە لە یەکێتی بکرێت".
کۆتای قسەکانی لەسەر پێکهێنای حکومەت ئەندامی مەکتەب سیاسیەکەی پارتی دەڵێت "هەموو سیناریۆیەک واردە، با بمێنێ بۆ دوای هەڵبژاردن، با تۆزێک مەجال بە یەکدی بدەین (مەبەستیلەگەڵ یەکێتی)".
هەتا ئەم کاتە هیچ بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی قسەکانی هێمن هەورامی نەداوەتەوە، لە کاتێکدا لە ٤ تشرینی یەکەم٢٠٢٥، سەرۆکی دانوستانکاری شاندی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند" ئێمە هێڵی سورمان نیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەنگاوی باشمان ناوە".
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی ساڵێک (٢٠تشرینی یەکەم ٢٠٢٥) بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوی ئیسلامی ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هەریەک لە بزوتنەوەی گۆران و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش یەکی کورسیەکیان بە دەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا ئەو لایەنانەی کە بڕیارە بەشداری پێکهێنانی حکومەت بکەن ڕێک نەکەوتون.