یەکێتیی: قسەکانی هێمن هەورامی نوکتەی سیاسییە

 یەکێتی وه‌ڵامی هێمن هه‌ورامی، دایه‌وه‌ و دەڵێت'' بەو قسانە تەنها دڵی خۆی خۆش بکات، ئەگینا خۆی باش دەزانێت، کە هیچ کەسێک نەک بڕوا بەقسەکانی ناکات.'' 

بۆردی راگەیاندنی یەکێتی پێنجشه‌ممه ١٦ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند'' هێمن هەورامی دەیەوێت بەو قسانە تەنها دڵی خۆی خۆش بکات، ئەگینا خۆی باش دەزانێت، کە هیچ کەسێک نەک بڕوا بەقسەکانی ناکات، بەڵکو هاوشێوەی قسەکانی دیکەی  تەنها وەکو نوکتەی سیاسی گوێی لێدەگرن و پاشان بۆ ناو ئەرشیفی نوکتە سیاسییەکان هەڵدەگیرێت".

دوێنێ هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند، "وەزارەتی ناوخۆ نادەین بە یەکێتی، یەکێتی وەزارەتی ناوخۆ دەکاتە بیانو، ئەگەر پارتیش ئامادەبوایە وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی پێش هەڵبژاردن، ئەوان ئامادە نەدەبوون، بۆ ئەوەی حکومەت دروستبکرێت".

بۆردی راگەیاندنی یەکێتی باسی له‌وه‌شكردوه‌، هێمن هەوارامی هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر هێزەکانی وڵاتانی ئیقلیمی یەک بست، تەنها یەک بست بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە سەریان پان دەکەینەوە، بۆیە خەڵکی کوردستان راهاتون لەگەڵ هەڕەشە ناجددی و نوکتە سیاسییەکانی هێمن هەورامی.




PM:12:25:16/10/2025