هەڵەبجە.. چەندین جۆری مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی لەناوبران

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە چەندین جۆری مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی لەناوبران و بەڕێوەبەرایەتی مین لە سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت'' پڕۆسەکە لەڕێگەی تەقاندنەوەی ناکارەبایی ئەنجامدراوە.''


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی پێنجشەممە ١٦ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند'' ١٥ی ئەم مانگە، تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، بە ئامادەبوونی دڵنیایی جۆریی دەرەکیی و لەسەر داواکاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی هەڵەبجە، لە گوندی سازان، هەستان بە لەناوبردنی چەندین مین و پاشماوەی جەنگیی، بەڕێگەی تەقاندنەوەیەکی ناکارەبایی. 


بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، مین و پاشماوە جەنگییەکان بریتی بوون لە ٣٩ مین لە جۆری V69، یەک مین لە جۆری VS50، یەک گولـلەتۆپی ١٣٠ملم، یەک گولـلە تۆپی ١٢٢ملم، یەک گولە تۆپی ١٠٥ملم، ١٠ گولـلە هاوەنی ٦٠ملم، یەک گولـلەی ٢٣ملم، دوو گولە ئاڕ پی جی، دوو نارنجۆکی دەستیی و سێ فیوزی پی دی.

هەبوونم ئەم ڕێژە زۆرەی مین و تەقەمەنی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای شەستەکان، کە بەهۆی ململانێ و شەڕی نێوان پێشمەگە و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لەلایەن سوپای ئەو کاتەی عێراقەوە دانراوە.

لەلایەکی دیکەوە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی مین و پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا، کە زۆرترین مین لەو سەردەمەدا دانراوە، پاش ٣٧ ساڵ لە کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە بەڵام هێشتا مین و پاشماوەکانی ئەو جەنگە مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی و قوربانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە.




PM:01:20:16/10/2025