لە ساڵیادی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە کەرکوک رادەستی هێزەکانی عێراق کرا هەر یەک لە دژە تیرۆری پارتی ویەکێتی دژایەتی یەکتری دەکەن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە " خیانەت ".
لە ساڵیادی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە کەرکوک رادەستی هێزەکانی عێراق کرا هەر یەک لە دژە تیرۆری پارتی ویەکێتی دژایەتی یەکتری دەکەن، لە لای خۆیەوە دەزگای دژەتیرۆری پارتی ڤیدیۆیەكی بەرهەمهێنراوەو تێیدا یەكێتیی تۆمەتبار دەكات بەوەی كەركوكی فرۆشتووە.
دژەتیرۆری پارتی، لەم ڤیدیۆیەدا دیمەنی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بڵاوكردوەتەوەو لۆگۆی یەكێتیی خستوەتە پاڵ "خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر"ەوە.
لەبەرامبەردا دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیش رونكردنەوەیەكی بڵاوكردوەتەوە كە تێیدا هاتووە" ئەمڕۆ پەڕەی فەرمی گروپێکی چەکداری لۆکاڵیی کۆمەڵێک دیمەن و وتەیان بڵاوکردوەتەوە کە هەر شایستە بەوانە، جیا لەوەی سەرلەبەری بلاوکراوەکانیان درۆ و چەواشەکاریە، بەپێویستمان زانی ڕوونکردنەوە لەسەر یەکێک لە دیمەنەکان بدەین کە گوایا تەنسیقی نێوان هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر-CTG و هێزی دژەتیرۆری عێراقە لە ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر، کە ئەمە سەرلەبەری درۆیە و بەڵکو دیمەنەکە هی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی هەرێم و دژەتیرۆری عێراقە لە ڕۆژی 13-07-2020 کە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشە لە سنوری پارێزگای دیالە بۆ دۆزینەوە و کێوماڵکردنی شانە نوستووەکانی داعش".
دەشڵێن" هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییە دەکەن و چالاکییەکانیش لە سەرجەم پێگە فەرمییەکانمان بەردەستن کە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی دژەتیرۆر بۆ لەناوبردنی مەترسییەکانی پاشماوە و شانە نوستوو و چالاکەکانی تیرۆرستان".
لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی دەڵێت" بۆیە لامان سەیر نییە هێزێکی لۆکاڵی کە سەرجەم چالاکییەکانی لە وێنەگرتن و سەرکوتی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خۆپیشاندان و بوونە کلاوسووری بەرلەشکری دوژمن کۆدەبێتەوە لەم چالاکییە گرنگ و نێودەوڵەتیانە تێبگات، با ئەو هێزە لۆکاڵیە سەرقاڵی کاری خۆیان بن و ئیشی گەورەی وەک ڕووبەڕووبنەوەی تیرۆر و چەسپاندنی یاسا و پاراستنی هەولێر و ئازادکردنی مەخمور لەو ڕۆژانەی ئەوان (هەڵهاتنیش دەبێت)یان کردبووە دروشمی خۆیان بۆ ئێمە جێبهێڵن".