بەگوێرەی ڕۆژنامەی
فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی سعودیە لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی
نوێی بەرگری، ڕێککەوتنێک کە نمونەی ڕێککەوتنی ئەمنی ئەمریکایە لەگەڵ قەتەر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە،
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە مانگی داهاتوودا سەردانی کۆشکی سپی دەکات
و ئەگەری ئەوە هەیە لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات واژۆ بکرێت، بەرپرسێکی
باڵای ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاند" لە سەردانەکەی شازادەی جێنشین باس لە واژۆکردنی
ڕێککەوتنەکە دەکرێت، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان یەکلایی نەکراونەتەوە".
ناوەڕۆکی
ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاکی سعودیە، بە هەڕەشە بۆ سەر
ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هەژمار دەکرێت.ئەم ڕێککەوتنە هاوشێوەی پەیماننامەی ئەم
دواییەی ئەمریکا و قەتەرە، کە تیایدا واشنتۆن بەڵێنیدا هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر
قەتەر وەک هەڕەشەیەک بۆ ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو ئیسرائیل
هەوڵیدا بە هێرشێکی ئاسمانی لە دەوحە هەندێک سەرکردەی حەماس بکاتە ئامانج.
وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئەمریکا بە فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە"، هاوکاری بەرگری لەگەڵ
سعودیە پایەیەکی ستراتیژی ناوچەیی واشنتۆنە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە وردەکارییەکان سەبارەت
بەو ڕێککەوتنە بخاتەڕوو".
وەزارەتی دەرەوە
و کۆشکی سپی و حکومەتی سعودیە تا ئێستا بە ئاشکرا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە
نەداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا چەند
رێککەوتنێکی ئەمنی ستراتیجی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە واژۆ کردووە لەوانە: ئیمارات
عەرەبی( میلیشیاکانی عەرەبیەکانی ئیمارات) و هیندستان.