لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەربژێرانی حزبەکەی لە سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی "یەكیتی حزبێکە شۆرشی کرد و سەدام و ئەلقاعیدە و داعشی ڕوخاند و کاولیکردن و دووجار کەرکوکی ڕزگار کرد".
رۆژی شەممە ١٨تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنکرد و سەرۆکی ئەو حزبەش بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشكرد و، ڕایگەیاند " ئێمە عێراقمان ئاشت کردەوە و یەکێتی ئایندەی هەموو عیراق دەگۆڕیت، ئێمە خزمەتی هەموو کوردستان و عێراق دەکەین، قسەکانم بۆ هەموو لایەن و خەڵکی عێراقە، پرۆژەمان هەیە دژی گەندەڵی لە عێراق، بۆ ئەو خەڵکەی عێراق یەکێتی تاقی ناکەنەوە ".
سەبارەت بە دۆخی کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بانگەشەدا بافڵ تاڵەبانی، وتی " ئێمە کە پێتان دەڵێین شتێک دەکەین، دەیکەین قەتیش حکومەتێک دانامەزرێنین لەم کوردستانەدا تا دڵنیا نەبین ئەو حکومەتە هەڵەکانی راستدەکاتەوە و رێگە بە ئێمە دەدات خزمەتی خەڵک بکەین، ئەمڕۆ کوردستان لە 20 ساڵی رابردوو باشترە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت سبەینێ لە ئەمڕۆ باشتر بێت".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" پێشتر بەڕێژەی لە ٩٣٪ دەنگەکانمان زیادیکردبوو، بەڵام رازی نین، چەند دەنگمان هێنا ئەبێت ئەمجارە زیاتر بێت، چەند کورسیمان هێنا ئەبێت ئەمجارە زیاتر بێت، گوێ لە کەسی تر مەگرن هیچ منافسی ترمان نییە هەر خۆمانین".
لە کۆتایی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی ڕویکردە بەربژێرەکانی لیستەکەی وپێی وتن " بەخوای گەورە قبوڵی ناکەم بچنە بەغداد ئەملاو و ئەولا بکەن بۆ خۆتان، بچن خزمەتی عێراق و کوردستان بکەن"
١١ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕیوە دەچێت، لە ٣ تشرینی یەکەی ٢٠٢٥ وە بانگەشەی لایەنەکان بۆ لیست و بەربژێرەکانیان دەستی پێکردوە.