لە کاتێکدا چارەنوسی موچەی پێنج مانگی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادیارە لەم ساڵدا، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عیراق دەستیکردوە بە ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ ١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بە میدیا عێراقیەکانی ڕاگەیەندوە، ئەگەر بە هۆی نەبوونی کاتەوە لە پارلەمان نەتواندرا، بودجە لە کاتی خۆیدا پەسەند بکرێت، ئەوا حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٦ هەموو مانگێک بە ڕیژەی یەک لەسەر ١٢ی ئەو پارەیە خەرج دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٢٥ خەرجکراوە.
ئەو ڕاوێژکارە ئەماژەی بەوەش داوە، چالاکییە داراییەکان بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی داھات و خەرجکردن بەپێی یاسای بەڕیوەبردنی دارایی، تا ئەو کاتەی پەرلەمان بودجەی ٢٠٢٦ پەسەند دەکات.
پەسەندکردنی بودجە ساڵانە لە عێراق پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەندیدارە بە حکومەت و پەرلەمان، ئەم پرۆسەیە بە پێی دەستور و یاسای دارای گشتی جێبەجێدەکرێت.