لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە، لەسەر ئەو پۆستانە نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن کە بە شایستەی خۆیانی دەزانن، چونکە دەیانەوێت لە حکومەتدا هاوبەشبن.
ئەمڕۆ، ١٨ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ میدیای نزیک لە حزبەکەی دواوە، سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاندوە، قۆناغی زۆریان بڕیوە و توانیویانە بگەنە خاڵی هاوبەش کە بۆ خەڵک گرنگن، بەڵام نایانەوێت تەنها بەشداربن و دەیانەوێت لە حکومەت هاوبەش بن.
٢٠تشرینی یەکەم ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا حکومەت پێک نەهاتوە، لە ماوەی ڕابردوشدا، هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستانی تۆمەتبارکرد، بە هۆکاری پێک نەهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەت، و وتی" ئەو سازشەی پارتی پێش هەڵبژاردن کردویەتی، دوای هەڵبژاردن بۆ یەکێتی ناکات".