مەسعود بارزانی: ئومێدەوارین کابینەی دەیەم پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند'' ئومێدەوارین کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە.''

مەسعود بارزانی، شەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ زانایانی ئاینی ئیسلامی و پیاوانی ئاینی پێکھاتە ئاینەکانی دیكه‌ی ھەرێمی کوردستان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا، وتارێکی پێشکەش کرد وتی'' پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵنگارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان.''

باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتوری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، باسی لەوەشکرد، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە رەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە.

بارزانی لە کۆتایدا وتیشی'' "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە."




PM:10:32:18/10/2025