یەختێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی نێوان ماڵتا و ئیتاڵیا نقوم بوو، زیاتر لە ٢٠ کەس خنکاون لەنێویاندا کورد هەیە.
ڕەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران ڕایگەیاند'' تا ئێستا خنکانی ٢٢ کەس پشتڕاستبووەتەوە و چارەنوسی بەشێکیشیان نادیارە.
ئاماژەی بەوەشدا سێ لەو کۆچبەرانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن و خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن، کۆچبەرەکانی دیکەش، خەڵکی عێراق و سودان و ئەفغانستان و میسڕ و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکەن.
ناوبراو وتیشی یەختەکە لە لیبیاوە بەڕێکەوتوە بە مەبەستی چونە ئیتاڵیا، ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە، ڕێگەیان هەڵەکردوە لەگەڵ ئەوەی داوای بەهاناوەچوونیان لە هەردوو لایەنی پەیوەندیدار لە ماڵتا و ئیتاڵیا کەس بە هانایانەوە نەچوە و ٢٤ کاتژمێر یەختەکە تیکشکاوە.
هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس، لە دەسەڵاتی خۆجێی فەرەنساوە ڕایگەیاند'' ١٨٥ کۆچبەر لە کەناراوەکانی فەرەنسا ڕزگار کراون، کە هەوڵیان دەدا بە بەلەم بگەنە بەریتانیا.''