هاکان فیدان: هەسەدە ڤایرۆسی کوشندەیە و هەڕەشە لە سەقامگیری و یەکڕیزی وڵات دەکات

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوەدەکات کە ئیسرائیل دەیەوێت هەژمونی خۆی لە رێگەی سوریاوە فراوان بکات ودەڵێت" هەسەدە تا ئێستا دەستبەرداری هیچ شتێک نەبووە کە پەیوەندی بە ئاسایشی تورکیاوە هەبێت و ئێمە پاڵپشتی راستوخۆی شەرع وسوریا دەکەین".


هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا  ئاشکرای دەکات کە ئیسرائیل دەیەوێت لەڕیگەی سوریا و خاکەکەیەوە هەژمونی خۆی فراوان بکات، ئەوەش بابەتێکی مەترسیدارە و تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا تاوتوێ و بەدواداچوونی لەبارەوە دەکات.

فیدان ڕووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و وتی: ئەمانە(هەسەدە) وەک ڤایرۆس وان، تێکەڵیان مەبن، ئێوە لاوازن و وەک تورکیا بەهێز نین، ئەم ڤایرۆسانە بۆ ئێـمە لە ناوەوە هەندێک تامان بۆ دروست دەکەن، بەڵام دەکرێت بۆ ئێوە کوشندە بن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە " ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاساییشی ئێمەو و پارێزراوی خەڵکەکەمانەوە هەیە هەڵوێستی ئێمەش لەو بارەیەوە ڕوونە.
 
هاکان فیدان لەبارەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە و دەستبەرداری هیچ شتێک نەبوون کە پەیوەندی بە ئاساییشی تورکیاوە هەبێت، ئەگەر رێککەوتنی هەسەدەو دیمەشق شکستی هێنا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ شەرع وسوریادا دەکەین.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سوریادا ئەنجام بدرێت.

هاکان فیدان وتیشی" دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە،  ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە".





AM:11:10:19/10/2025