شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای دەکات کە سبەی هەورە بروسکە و بارانبارین دەستپێدەکات ودەڵێت" کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە زیاتر ئەبێت بۆیە هۆشداری ئەدەین لە دروستبوون و چالاکبوونی کەڵەکە هەوری بە بروسکەی بەهێز و هەروەها ناوبەناو تەرزە و بارانێکی بەخوڕ و زۆر ئەبارێت کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی خێرا".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە " سبەی سێشەمە ٢١/١٠/٢٠٢٥ کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای ناوەراست دەگاتە ناوچەکانمان و لەکاتەکانی نیوەرۆوە ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی تاوە باران و هەورە بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی راپەرین ، لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەهەندێ شوێندا هەورە بروسکە چالاکەبێت لەگەڵ بارینی نمە باراندا ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ پلە نزم دەبنەوە و خێرای با مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٥کم/ک ئاراستەی با باشوری رۆژئاوا ئەبێت ".
ئاشکراشی کردووە کە" لە کاتەکانی نێوان سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمە ٢٢/١٠/٢٠٢٥ کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە زیاتر ئەبێت بۆیە هۆشداری ئەدەین لە دروستبوون و چالاکبوونی کەڵەکە هەوری بە بروسکەی بەهێز و هەروەها ناوبەناو تەرزە و بارانێکی بەخوڕ و زۆر ئەبارێت کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی خێرا لە هەندێ شوێنی پارێزگاکە و پێویستە هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا ئاگاداربن ، لەناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناخەدا ئەگەری هەورە بروسکە و بارانێکی کەمی پچر پچر ئەبێت ، دواتر لە رۆژی چوارشەمە بەشێوەی ناوخۆی هەورە بروسکە و تاوە باران لەهەندێ شوێندا چالاکەبێتەوە و کاتەکانی ئێوارە کۆتای پێدێت" .
ئەو کەشناسە دەشڵیت" لەکۆتای مانگ بۆ سەرەتای مانگی ١١ی پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی هەورە بروسکە و بارانبارین بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەکەین ".