لە ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەی پەی، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە ئەو بەڵینانە خراونەتە ڕوو کە لایەنە سیاسیەکان لە هەردوو خولی پێنجەم و شەشەمدا لە کاتی بانگەشدا بە دەنگدەرانیان داوە.
ئەمڕۆ، ٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ساڵێک تێدەپەرێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەی پەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاپۆرتی ژمارە سێی چاودێری پەرلەمانی بڵاوکردوەوە بە ناونیشانی "پەرلەمانی کوردستان لە نێوان بەڵێنی زۆر و بێکرداری حیزبەکاندا"، کە ئەو بەڵێنانەی تێدا خراونەتە ڕوو کە لایەنە سیاسیەکان لە دوو خولی پێنج و شەشدا بانگەشەیان بۆ کردوە، بە پێی ڕاپۆرتەکە تەنها لە خولی پێنجەمدا لە کۆی ٧١٦ بەڵێن تەنها ٣٣ بەڵێن جێبەجێکراوە.
ڕێژەی جێبەجێکردنی بەڵێنی لایەنەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەم جۆرە بوە:
پارتی: لە کۆی ٦٢ بەڵێن، ١٤ بەڵێنی جێبەجێکردوە..
یەکێتی: لە کۆی ١٨١ بەڵێن، ١٤ بەڵێنی جێبەجێکردوە.
گۆڕان: لە کۆی ٢٢٨ بەڵێن، ٢ بەڵێنی جێبەجێکردوە.
نەوەی نوێ: لەکۆی ٥٠ بەڵێن، هیچی جێبەجێ نەکردوە.
یەکگرتو: لەکۆی ١٢٦ بەڵێن، ١ بەڵێنی جێبەجێکردوە.
کۆمەڵ: لە کۆی ٦٩ بەڵێن، ٢ بەڵێنی جێبەجێکرد.
لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بە کۆی گشتی لە لایەن ئەو پارتە سیاسیانەی ناویان هاتوە ٥٨٧ بەڵێنە، کە لە ٩٠٪ بەڵێنەکانی ئەم خولە دووبارەن، ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل ئەو دوو پارتەن کە یەکەمجاربوو بەشداری هەڵیژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەوانیش ٤٢١ بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان داوە.
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا کابینەی دەی حکومەت دروست نەکراوە و ئەوپارتانە ژمارەی بەڵێنەکانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق زیاد دەکەن کە لە ٣تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، دەستی پێکردوە.