سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند'' لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکین بۆ داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی نابێت لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچە.''
محەمەد شیاع سودانی، لە وتارێکیدا باسی لەوەکرد، ئەوانەی چەکیان هەڵگرتووە ''گروپە چەكدارەكان''، بژاردەی ئەوەیان لەبەردەمدایە بچنە ناو دامەزراوە ئەمنییەکان یان کاری سیاسی بكەن.
سەبارەت بە پرسی نەوت وتیشی'' دۆسیەی نەوتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلاکردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بە هەڵواسراوی مابووەوە لە ئێستادا دۆخی دارایی و ئابووری عێراق لە باشترین حاڵەتیدایە و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لە سەرانسەری وڵات بەردەوامە.''
سەبارەت بە پرسی مووچەش دەڵێت'' هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکین بۆ داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی نابێت لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچە."
سودانی لە بارەی پرسە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دانانی نێردەی سەرۆک ترەمپ بۆ عێراق هەنگاوێکی گرنگە، بەتایبەت کە بەڕەچەڵەک عێراقییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەیدا.