هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند'' لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە و باسیان لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب کردوە.''
هەسەدە دووشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە بەیانامەیەکدا، بڵاویکردەوە'' لیژنەیەکی سەربازی لە تەبقیە لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە و تێدا باسیان لە نوێترین پێشهاتە ئەمنییەکان کردوە.''
ئاماژەبەوەشکراوە، هەر یەک لە گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە دانیشتوانەکانیان کوردن لە حەلەب باسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە جەختکراوەتەوە لەوەی کێشەی ئەو گەڕەکانە چارەسەر بکرێت و پارێزگاری لە گیانی دانیشتوانەکانیان بکرێت.
هەردوولا جەختیانکردەوە لەوەی، پێویستە ئاسایشی گەڕەکەکان پارێزراو بێت و بەڕێگەی مەدەنیانە ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێت.
لەلای خۆشیەوە هەسەدە، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کاتی سوریا ڕادەستکردوە کە بەهۆی گرژی و ناکۆکیەکانی ماوەی ڕابردو دەستگیرکرابوون.
هەسەدەش دەڵێت'' ئەو هەنگاوەیان لە چوارچێوەی دانوستانەکانە و هێشتا ئەوان بەردەوامن لەسەر هەموو هەوڵ و کارەکانیان بۆ پارێزگاری کردن لە گیانی هاوڵاتیان و ناوچەکانیان.''
ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، بەهۆی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دوو کەس شەهیدبوون و ٦٠ کەسی دیکەش بریندارن.