کاتی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە ئاشکرا کرا

سەرچاوەیەکی ئاگادار وادەی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ مانگی ئاب ئاشکرا کرد و دەڵیت" سبەی بەغدا پارەکە دەنێریت".

ئاژانسی هەواڵی ( البغداد الیوم) لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانکردووەتەوە کە " دوای ئەوەی محەمەد شیا سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران دەربڕی، سبەی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی دەست بە دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەران دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "سبەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕی ٩٧٤ ملیار دینار دەنێرێت و دەیخاتە سەر حسابی لقی بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕۆژی هەینی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات".

ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە جێی سەرنجی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.




AM:11:52:22/10/2025