بە نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رۆژانی پشووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاریکرد کە لە ٦ ـی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات و لە ١٢ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رۆژی چوار شەممە ٢٢ ی تشرینی یەکەم نووسراوێکی فەرمی لەبارەی پشووەکانی رۆژانی هەڵبژاردنەوە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی ٦ـی تشرینی دووەم ئەو ناوەندانەی خوێندن کە پرۆسەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت، رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێت، بۆیە لەو رۆژەوەشەوە لە ناوەندە حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان پشووە.
وەزارەتی پەروەردە لە درێژەی راگەیاندنەکەیدا دەڵێت" قوتابخانە ناحوکمی و نێودەوڵەتییەکان پێویستە ١٢ـی مانگ وانە بخوێنن، بەڵام ئەوانەی وەکو بنکەی دەنگدان بەکارهێنراون دەتوانن وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی دووەم بچنەوە قوتابخانەکان و وانە نەخوێنن".
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمیسیۆن ئاگادارکراوەتەوە کە قوتابخانەکانیان چۆن رادەستکراوە، بەوشێوازەش بیگەڕێننەوە، بەبێ هیچ کەموکورتییەک بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانەکان.
بڕیارە رۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەو هەڵبژاردنەدا ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی گەیشتووەتە ٢٠.٠٦٣.٧٧٣ دەنگدەرە، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان و زیندانیان و ئەوانی دیکە دەگرێتەوە، گەیشتووەتە ١.٣١٣.٩٨٠دەنگدەر، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکان ٢٦،٥٣٨ دەنگدەرە.