لە کاتی رووماڵکردنی نارەزایەتی هێرش دەکرێتە سەر تیمی ئاڤا میدیا و پایتەخت میدیا

هێزی ئەمنی شارۆچکەی بەردەقارەمان لە کاتی رووماڵی ناڕەزایەتی هێرشدەکەنە سەر ڕۆژنامەنووسانی پایتەخت میدیا و ئاڤا میدیا دەکات، و سەنتەری میترۆ داوا دەکات دەست بە جێ لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەم کارە بکرێت.

سەنتەری میترۆ بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەلایەن هێزی ئەمنی بەردەقارومانەوە هێرش دەکرێتە سەر دوو تیمی میدیایی ئاڤا میدیا و پایتەخت میدیا، و دواتر دەست بەسەر موبایل و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانییان دەگیرێت و پێیان دەڵێن کە بچنەوە لە بنکەی ئاسایشی باینجان وەری بگرنەوە. پاش چوونیان بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانیان، ١ کاتژمێر کارمەندانی هەردوو تیمەکە ڕادەگیرێن و ڕێگرییان لێ دەکرێت بچنە دەرەوە یاخود موبایل بەکاربهێنن و کەسێک چاودێرییان دەکات.

سەنتەری میترۆ ئاشکرای کردووە کە " هێزەکە تەنها بە هێرشکردنە سەر تیمەکانیان نەوەستاوە و لەگەڵ دانیشتووانە گردبووەوەکەش ڕووبەڕووبوونەتەوە و ئازاریان داون".

ئاماژەی بەوەشکردبوو کە رووداوەکە لە کاتی ڕووماڵکردنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی گۆپاڵە سەر بە ناحیەی بازیان بەهۆی تێکەڵ بوونی ئاوی خواردنەوەیان بە ئاوەڕۆ، روویداوە و تیمەکانی کە هێرشیان کراوەتەسەر پێکهاتبوون لە، (پێشکەوت خەلیل حسێن، پەیامنێری پایتەخت میدیا) و (ژیوار عەبدولڕەحمان، پەیامنێری ئاڤا میدیا، محەمەد سەعید ئەحمەد، کامێرامانی ئاڤا میدیا، ڕاستی فازیل، شۆفێری ئاڤا میدیا). لەو هێرشەدا، کامێرامانی ئاڤا میدیا، (محەمەد سەعید ئەحمەد) ئازار بە قۆڵی دەگات.

لە کۆتاییدا میترۆ وێرای ئیدانەکردنی مامەڵەی هێزی ئەمنی بەردەقارەمان  لەگەڵ خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسانی ئاڤا میدیا و پایتەخت میدیا ، داوا دەکات دەست بە جێ لێپێچینەوە لە بکەرانی ئەم کارە بکرێت.




PM:03:01:23/10/2025