سەرۆکی تورکیا، ڕایگەیاند "ئەم هەفتەیە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین و گفتوگۆ لە بارەی ئەو بابەتە دەکەین (لە خۆپیشاندانی گەنجان لە ئامەد بە پۆلیس وترابوو دوژمن)، پێم وانیە شاندی دەم پارتی لەنێو ئەو شتە هەڵەیەدا بن و نامەوێت بیریشی لێبکەمەوە".
لە کاتی گەڕانەوەی لە وڵاتانی کەنداو بۆ تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەینی، ٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە وئاماژەی بەوەکرد هەفتەی داهاتوو شاندی دەم پارتی دەبینێت و سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دەڵێت " سوودی پرۆسەکە تەنیا بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بۆ هەموو تورکیایە، بۆ لاز، تورک و کوردەکانە، واتە ٨٦ ملیۆن کەس".
١٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لە ئامەدی باکوری کوردستان، ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی ڕێپێوانێکیان بۆ ئازادی ئۆجەلان ڕیکخست و لە خۆپیشاندانەکەدا گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا دروست بوو پۆلیس گازی فرمێسک ڕێژی بەکار هێنا، بەکارهێنای ووشەی "دوژمن" بەرامبەر بە پۆلیس لە لایەن گەنجانەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.