لیستی مووچەی مانگی ١٠ رەوانەی بەغدا دەکرێت

بە گوێرەی زانیارییەکان ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ١٠ لە قۆناغی کۆتایی دایە و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە ڕەوانەی بەغداد بکرێت.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" کارکردن لەسەر لیستی مووچەی مانگی ١٠ (تشرینی یەکەم)ی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی لە کۆتاییدایە".

ناوبراو دووپاتیکردەوە کە لیستەکە بە سیستمی نوێی "پەیڕۆڵ" ئامادە دەکرێت و پاش تەواوبوونی، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم و لەوێشەوە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاراستەی بەغداد دەکرێت.

بڕیارە پاش گەیشتنی لیستی مووچەی مانگی ١٠، شاندێکی تەکنیکی و دارایی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغداد بکات. شاندەکە لەوێ دەمێننەوە تا وەزارەتی دارایی عێراق پرۆسەی وردبینیی لیستەکە تەواو دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی لەسەر نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی ٨ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیاری خەرجکردنەکەشی ئاراستەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە،  و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و هەر لە هەمان ڕۆژدا لیستی دابەشکردنی مووچە ڕابگەیەندرێت.




AM:09:44:25/10/2025