محەمەدی حاجی مەحمود: پێویستە سنور بۆ حکومەتی عێراق دابندرێت


سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بانگەشەی لیستەکەیدا لە سلێمانی، دەڵێت " خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، چونکە کێشەکانی کوردستان لە کێشەی فەلەستین گەورەترن".

شەمە، ٢٥ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وتارێکی لە کاتی بانگەشەی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ناساندنی بەربژێرەکانی پێشکەشكرد و وتی ""ئەگەر هەڵبژاردن یەک بازنە بێت، ئەوا وەک کورد دەتوانین نزیکەی ٩٠ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنین، ناحەزانی گەلەکەمان هەمیشە کێشە و گرفت دروست دەکەن".

سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند " دەبێت چارەسەری هات و نەهاتی مووچە بكرێت و جارێك دەڵێن دێت و جارێك دەڵێن نایەت و سەرۆك وەزیران پەشیمان بووە و ئەوەش سوكایەتیە بە ٦ملیۆن خەڵكی هەرێم".

١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و لە ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە و پارتە سیاسیەکان بەردەوامن لە بانگەشە بۆ لیست و بەربژێرەکانیان بە ئومێدی بە دەست هێنانی زۆرترین ژمارەی کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسیەکەی پەرلەمانی عێراق.




PM:05:04:25/10/2025