ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایگەیاند "پێنج بەندکراوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپیندرابوو، سزاکەیان هەڵوەشاوەتەوە".
یەک شەمە، ٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی پێنج زیندانیکراوی خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یڵاویکردەوە " سزای لە سێدارەدانی، ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری، پێنج بەندکراویی سیاسی کورد کە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپاێندرابوو، لە لایەن لقی ٣٩ دیوانی دادگای باڵاوە بە هۆی "نەبوونی شیاوەتی دادوەر و دادگای بڕیاردەر" هەڵوەشایەوە".
ئەگەر چی لە ئێراندا ئاماری فەرمی بڵاونابێتەوە، بەڵام بە پێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا (٢٠٢٥)، لە ئێراندا ٢٣٠ هاوڵاتی لە سێدارەدراون، واتا لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە دوو کەس لە سێدارە دەدرێت، هەمان ڕێکخراو هۆشداری داوە لە زیادبوونی ئامارەکانی لە سێدارەدان بەڕێژەیەکی بەرچاو بە ساڵانی ڕابردوو.