هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باکرهان، سەبارەت بە ڕۆڵی پەرلەمان لە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیادا ڕایگەیاند " هەموارکردنەوی یاساکان تەنها نابێت تەکنیکی بن، بەڵکو دەبنە بەردی بناغەی ئاشتی و بۆ دیموکراسیبوونی تورکیا".
دوو شەممە، ٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنکارای پایتەختی تورکیا، سەبارەت بە دۆخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی، دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پارتی کرێکارانی کوردستان هەنگاوێکی دیکەی نا، تونجەر باکرهان، ڕایگەیاند " ئیتر گرنگترین ئەرک ئەوەیە کە ئەم قۆناغە بۆ داهاتووی هاوبەشی ٨٦ملیۆن کەس بگوازینەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەربارەی گرنگی گفتوگۆکان لە پرۆسەکەدا، ووتی "ئەو شەپۆلە مەترسییەی لەسەر کوردی ناوچەکە و تورکیا هەیە، تەنیا دەتوانین لەڕێگەی گفتوگۆی دیموکراسی تێیپەڕێنین، رێگەی ئەمەش لەناو یاساکانی یەکخستنی دیموکراسی تێدەپەڕێ".
٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری قەندیلی پارێزگای سلێمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر ناوی "ڕێڤەبەری تەڤگەری ئازادیی"، ڕایانگەیاند، هەنگاوی دووەمیان ناوە لەدوای بانگەوازیەکەی، ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان و کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان لە ١٢ ئایاری ٢٠٢٥، لە ١١ تەموزی ٢٠٢٥، پەکەکە هەنگاوی یەکەمی نا بۆ پرۆسەی ئاشتی و ٣٠ گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان بە شێوەی سمبولی سوتاند. ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە سنورەکانی باکوری کوردستان بوە هەنگاوی دووەمی پرۆسەی ئاشتی، لە چاوپێکەوتنێکدا وتەبێژی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە)، هیوا زاگرۆس، ووتی" تا ئێستا هەناگاوەکان تاک لایەنەیە و دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی جدی نەناوە".