سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: بە هیواین پەکەکە و هاوشێوەکانی نەمێنن

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش، لە وتارێکدا باسی هەنگاوی دووەمی پەکەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات و دەڵێت " لە ڕۆژی دوو شەممەوە، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەکە تەواوکرا و قۆناغیکی نوێ دەستیپێکرد، دەچینە قۆناغێکەوە کە چەک لە ڕابردوودا بەجێهێڵراوە و تەنیا دیموکراسییەت و بیرکردنەوە بڕیار دەدەن ". 

دوو شەممە، ٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆکی لیژنەی "هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ پرۆسەی ئاشتی لە وتارێکیدا لە شاری باڵکئەسیری تورکیا، ڕایگەیاند "بەهیواین پەکەکە لەودیو سنوورەکانیشەوە، لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بە بوونیان بهێنن و نەک لە تورکیا، بەڵکو لە عێراق، ئێران، سووریا و ناوچەکانی دیکەش، جارێکی دیکە باسی تیرۆر نەکرێت". 

٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری قەندیلی پارێزگای سلێمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر ناوی  "ڕێڤەبەری تەڤگەری ئازادیی"، ڕایانگەیاند، هەنگاوی دووەمیان ناوە لەدوای بانگەوازیەکەی، ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان و کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان لە ١٢ ئایاری ٢٠٢٥، لە ١١ تەموزی ٢٠٢٥، پەکەکە هەنگاوی یەکەمی نا بۆ پرۆسەی ئاشتی و ٣٠ گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان بە شێوەی سمبولی سوتاند. ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە  لە سنورەکانی باکوری کوردستان بوە هەنگاوی دووەمی پرۆسەی ئاشتی، لە چاوپێکەوتنێکدا وتەبێژی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە)، هیوا زاگرۆس، ووتی" تا ئێستا هەناگاوەکان تاک لایەنەیە و دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی جدی نەناوە".

ئەو هەنگاوەی تا ئێستا پەرلەمان ناویەتی کۆمسیۆنێک دروستکراوە لە ٤٨ ئەندام پێکدێن كە ئاکەپە ٢١ پەرلەمانتار، جەهەپە ١٠ پەرلەمانتار، دەم پارتی و مەهەپە هەر یەکەیان ٤ ئەندامیان هەیە و یەکەم کۆبونەوەیان لە ٥ ئابی ٢٠٢٥، ئەنجامدا و تا ئێستا کارەکانی ئەم کۆمسیۆنە لە قۆناغی سەرەتایدایە و هەنگاوەکانیان گوێگرتن بوە لە ڕێکخراوی ژنان  و دایکان و گەنجان. 




PM:07:10:27/10/2025