هەولێر.. زیاتر لە ٧ هەزار زەوی دابەش دەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ڕایگەیاند'' سبەی تیروپشک بۆ ناوی ٧ هەزار و ٥٠٠ فەرمانبەر دەكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت.''


کارزان هادی، له‌ لیدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا باسی لەوەکرد، سبەی سێشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم، تیروپشک بۆ ٧ هەزار و ٥٠٠ فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی دەکرێت و سەرجەمیان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.

به‌وته‌ی ئەو بەرپرسە، زەوییەکان دەکەونە سەر ڕێگای هەولێر- دهۆک و شوێنی زەوییەکانیش زۆر باشن. 

جه‌ختیشیكرده‌وە، دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، هەموو فەرمانبەرێکیش زەوی پێده‌درێت، بەڵام بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی و دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر خێراتر کراوە، ئامانجەکە ئەوەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم سوودمەندبووان لە سنووری هەر ٣٥ قەزا و ناحییەکەی هەولێر تیروپشکی وەرگرتنی زەوییان بۆ بکرێت.




PM:10:27:27/10/2025