فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی لەسەر ئیمۆجی ئاڵای کوردستان ڕونکردنەوە دەدات

فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی لەسەر هەڵمەتی دانانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لە ڕێگەی ئاڵای تاجیکستانەوە ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت'' ئەو هەڵمەتە زیانی بە ئاڵای کوردستان گەیاندوە.''

 
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەکە، لە دواین لێدوانیدا، باسی لەوەکرد، ساڵی ڕابردوو بە ناوی هەوڵدان بۆ دروستكردنی ئیمۆجی ئاڵای كوردستان هەڵمەتێك ئەنجامدرا بە دانانی ئاڵای تاجیكسان، تێیدا دەیان پەیج لە یەك كاتدا ئاڵای تاجیكستانیان بڵاودەكردەوە، بەڵام ئەم هەڵمەتە كاریگەریی نەرێنی هەبوو بۆ سەر ئاڵای كوردستان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، هەر لە ساڵی ڕابردوو كاتێك ئەو هەڵمەتە بەڕێوەدەچوو، بەنیازبووین كار بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتەكە بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی لە هێرشی هاوڵاتیان تۆمەتی ڕێگری کردنی ئەو کارە بڕیاریاندا هیچ هەڵوێستێکیان نەبێت.

سەبارەت بە زیانەکانی ئەو کارە هیوا ئەفەندی دەڵێت'' یەكێك لە دەرەنجامە خراپەكانی ئەو هەڵمەتە ئەوەیە كە ئێستا زۆربەی كات كە داو لە زیرەكی دەستكرد دەكەیت تویتێكتت لەسەر كوردستان بۆ ئامادە بكات، ئاڵای تاجكستانت پێ دەدات.'' 

ئەوەش لەكاتێكدایە كە  ساڵی ڕابردوو هەڵمەتی دانانی ئیمۆجیی ئاڵای تاجیكستان لەلایەن هەندێك كەس و بە پشتیوانی دەیان پەیج ئەنجامدرا، لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەك لە ئاڵای كوردستان دەچێت و پێیان وابوو لەو ڕێیەوە دەتوانن كۆمپانیا گەورەكانی وەك گوگڵ یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هان بدەن ئیمۆجی ئاڵای كوردستان بە فەرمی زیاد بكەن.




PM:12:04:28/10/2025