لە شاری مەریوان، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لەلایەن پیاوێکی دراوسێیانەوە کە ئەندامی سوپاسی پاسدارانە، بە دەستڕێژی گولە دەکوژرێت.
لەیلا عەلیڕەمایی ژنێكی خەڵکی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی ٤٠ ساڵ بوە، لە لایەن پیاوێکی دراوسێیەوە دەستڕێژی گولەی لێکراوە و کوژراوە، ڕوداوەکە ڕۆژی یەک شەممە، ٢٦ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕویداوە و دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی، لەیلا لە گۆڕستانی دارسین بەخاک سپێردراوە. بە پێی زانیاریەکانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تۆمەتبار کە دراوسێی ماڵی لەیلا بوە، داوای لە لەیلا کردوە لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، دوای ئەوەی لەیلا ڕەتیکردوەتەوە و ئەویش دەستڕێژی گولەی لێکردوە و کوشتویەتی، لە ئێستاشدا تۆمەتبار، دەستگیر کراوە.
بە پێی زانیاریەکانی هەمان سەرچاوە تۆمەتبار ئەندامی سوپای پاسدارانە و دووجار هاوسەرگیر کردوە و پێشینەی توندوتیژی لەبەرامبەر دوو ژنەکەی دیکەدا کە هاوسەرین هەیە. و لەیلاش ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دایکی دوو منداڵە.