بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم: لە وەرزی هاوینیشدا لە ١٠٠٪ کێشەی کەم ئاوی نامێنێت

بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت" کێشەی ئاو بە تەواوەتی لە پارێزگای هەولێر چارەسەرکراوە و لە وەرزی هاوینیشدا کێشەی کەم ئاوی نابێت".

سێ شەممە، ٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، ئاری ئەحمەد بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە پرۆژەکانی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە شاری هەولێر، ڕایگەیاند " ئێستا هیچ کێشەی ئاو نەماوە، هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر لە تاقیکردنەوەدایە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی شاری هەولێرەوە، هاوینی داهاتووش هیچ کێشە نابێت و١٠٠٪  کێشەکە چارەسەر کراوە".

٨ ئەیلولی ٢٠٢٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر، کە لە توانیادایە لە ٦٠٪ پێویستی ئاوی هەولێر دابین بکات و تێچووی پرۆژەکە ٤٨٠ ملیۆن دۆلارە و لە ٥ ئابی ٢٠٢٥،  حکومەتی هەرێـی کوردستان بڕیاریدا هێڵی سێیەم بۆ ئاوی دووکان- سلێمانی جێبەجێبکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لەو پارێزگایەدا. 




PM:03:12:28/10/2025