هاوسەرۆکی کەجەکە، جەمیل بایک، لە چاوپێکەوتنێکدا لە بارەی پرۆسەی ئاشتیەوە دەڵێت " چاوەڕوانیەکان بۆ دیموکراتیکبوونی پرۆسەکە لاوازن".
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە)، سەبارەت بە هەنگاوی دووەمی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز، ڕایگەیاند " ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە تێکۆشانی چەکداری و کشانەوەیە و ئێمە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێن، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەناو نەچێت و ڕێگری لە هەرجۆرە ئاژاوەگێڕیەک بکرێت، بەرپرسیارێتیمان لە ئەستۆ گرتووە".
هاوسەرۆکی کەجەکە دەربارەی هەنگاونانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا، وتویەتی " پرۆسەکە چووەتە قۆناغی دووەمینی خۆیەوە و دەوڵەت دەبێت دەستبەجێ یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئازادی دابمەزرێنێت، پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تێكۆشانی چەکداری هێنا، ئێمە لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد، ئێستا دەبێت دەوڵەت هەنگاوی خێرا بنێت، دەبێت دان بە مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆدا بنێت و بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی یاسایی بپارێزرێت".
٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بناری قەندیلی پارێزگای سلێمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر ناوی "ڕێڤەبەری تەڤگەری ئازادیی"، ڕایانگەیاند، هەنگاوی دووەمیان ناوە لەدوای بانگەوازیەکەی، ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان و کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان لە ١٢ ئایاری ٢٠٢٥.
لە ١١ تەموزی ٢٠٢٥، پەکەکە هەنگاوی یەکەمی نا بۆ پرۆسەی ئاشتی و ٣٠ گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان بە شێوەی سمبولی سوتاند. ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە سنورەکانی باکوری کوردستان بوە هەنگاوی دووەمی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن ئەو هێزەوە.
ئەو هەنگاوەی تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا ناویەتی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان دروستکراوە، لە ٤٨ ئەندام پێکدێن كە ئاکەپە ٢١ پەرلەمانتار، جەهەپە ١٠ پەرلەمانتار، دەم پارتی و مەهەپە هەر یەکەیان ٤ ئەندامیان هەیە و یەکەم کۆبونەوەیان لە ٥ ئابی ٢٠٢٥، ئەنجامدا و تا ئێستا کارەکانی ئەم کۆمسیۆنە لە قۆناغی سەرەتایدایە و هەنگاوەکانیان گوێگرتن بوە لە ڕێکخراوی ژنان و دایکان و گەنجان.