رێباز حەملان:ئەگەر هەیە لە مانگی ١١ دوو مووچە دابەش بکرێت

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە ئەگەر هەیە لە مانگی ١١ دوو مووچە دابەش بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی لە حکومەت راستی ئەم هەواڵەی پشتراست نەکردووەتەوە.

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەوڵی تەواو دەدەن لە مانگی ١١دا مووچەی مانگەکانی ٩ و ١٠ پێکەوە بنێردرێن، لقی بانکی ناوەندیی عێراقیش لە هەولێر پارەی پێویستی هەیە بۆ دابەشکردنی دوو مووچە و سێ مووچەش".

وتیشی" ئەگەری زۆر هەیە لە مانگی ١١ دوو مووچە دابەشبکرێت، مووچەی مانگی ٩ لە سەرەتای مانگ و دواتریش مووچەی مانگی ١٠ دابەش بکرێت".

جەختیشی کردەوە، بەغدا هیچ بیانوویەکی نەماوە و پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات.

" حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق جێبەجێکردووە، لەوانەش هەناردەکردنەوەی نەوت، ناردنی داهاتی ناوخۆ و پاککردنەوەی لیستی مووچە"( رێباز حەملان وتی).

ئاشكراشی كرد، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتدا بە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە عێراقیش مووچەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بنێرێت.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی لە حکومەت راستی ئەم هەواڵەی پشتراست نەکردووەتەوە.





PM:07:35:28/10/2025