سەدان هاوڵاتی گەڕەکێکی سلێمانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیاڕێکی قوباد تاڵەبانی‌ و شارەوانی سلێمانی دەردەبڕن

هاوڵاتیانی دانیشتووی  گەڕەکی چوارچرا، ناڕازین لەبڕیاڕێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ‌و شارەوانی سلێمانی. 

لە بڕیارەکەیدا هاتووە'' روبەری ٧ دۆنم زەوی ئەو گەڕەکە لەنەخشەدا تەرخانکراوە بۆ باخچە، بەڵام ئەو پارچە زەویە دەدرێت بە کۆمپانیایەک بیکات بە یەکەی نیشتەجێ بوون.''
 
بەپێی زانیارییەکان، سەدان هاوڵاتی ئەو گەڕەکە واژۆیان کۆکردوەتەوە لەدژی بڕیارێکە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو بڕیارە دەیانەوێ روبەرێک زەوی کە لەنەخشەی شارەوانیدا بە(باخچە) تۆمارکراوەو دەکەوێتە سەر شەقامی شەستییەکە، بگۆڕن بۆ زەوی‌و بیدەن بەکۆمپانیای "سوپەر پاوەر" بیکات بەیەکەیەکی نیشتەجێ بوون بەناوی "ئەلفا تاوەرز".

دانیشواتنی چوارچرا دەڵێن، نایانەوێ ئەو رووبەرەی بۆ باخچەو سەوزایی تەرخان کراوەو موڵکی گشتییە و پێویستە خەڵک بەگشتی لێی سوودمەند بن، نەک بکرێت بەباڵەخانەی کۆنکرێتی‌و کۆمپانیایەک لێی سوودمەند بێت.

هاوکات، داوا لە لقوباد تاڵەبانی ‌و شارەوانی سلێمانی دەکەن، کە بەهیچ جۆرێک ئەو پلانە نەخەنە بواری جێبەجێکردنەوەو باخچەکەی بەردەمیان نەکەن بەیەکەی نیشتەجێ بوون لەپێناو سوودو قازانجی کۆمپانیایەکدا و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن نەک بەرژەوەندی بازرگانێک".

دەشڵێن "هەوڵدان بۆ ئەو جێبەجێکردنی ئەو پلانە، لەم کاتەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە، کارێکی زۆر نەگونجاوە و خوازیارن بەتەواوی دەست لەو پلانە هەڵبگرن‌و بەڵێنی ئەوە بدەن هەرگیز نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو بکرێت بەباخچە".

ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئەم گەڕەکە، دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لەیلا عومەر عەلی، لەرۆژنامەی کوردستانی نوێدا رۆژی ٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٥، ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لەڕێکەوتی (٢٢ / ١٠ / ٢٠٢٥) کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا بۆ لێکۆڵینەوەو گفتوگۆ لەسەر نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لەڕێکەوتی (٤ / ٦ / ٢٠٢٣٥) تایبەت بەپڕۆژەی نیشتەجێیی (ئەلفا تاوەرز) کە لەلایەن کۆمپانیای (سوپەر پاوەر) جێبەجێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی نوسراوەکە کراو بەم شێوەیە:

١/ لەسەر فەرمانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تەرخانکردنی پارچە زەوی ژمارە (٣٣٧ / ١٠) بەروبەری نزیکەی (٧ دۆنم‌و ٢ ئۆلک) بەپێی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی ژمارە (٨٦) لەڕێکەوتی (١٣/ ٨ / ٢٠٢٥) کە تێیدا رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی بەنوسراوی ژمارە (٩٠٢ /١٦٨١) لەڕێکەوتی (٢١ / ٨ / ٢٠٢٥) لاریان نیە.

٢- گۆڕینی رەگەزی زەوی پڕۆژەکە کە بەپێی تۆماری هەمیشەیی لە (٢٠١١) رەگەزەکەی (باخچەیە) بۆ زەوی).
هەروەها لەئاگادارییەکەدا هاتووە کە (هەر کەس‌و لایەنێک رەخنە یان تانەی هەیە دەتوانێت لەماوەی ٣٠ رۆژدا سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بکات)




PM:01:59:29/10/2025