دەمپارتی: ئاشتیی تەنها بە بێدەنگردنی چەک نابێت

دەمپارتی هەنگاوەکانی پەکەکە بە گرنگ بۆ دیموکراسیی بە گرنگ وەسف دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی، دەبێت دان بە مافی هەموواندا بنرێت جیاوازییەکان کۆتایی بێت. 
  
پارتی یەکسانی و دیموکراتی، لە نوێترین بەیاننامەیدا ڕایگەیاند'' ئەو هەنگاوانەی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی چارەسەریی ناویانە هەوڵی تەواون بۆ دیموکراسیی، کشانەوەی پەکەکەش خاڵێکی گرنگی قۆناغەکەیە و نابێت بە کەم لێی بڕوانرێت و لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی و سیاسیی بگرێتەبەر.''
 
دەمپارتی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ڕەشنوسەی دەوڵەت وەک دادپەروەریی ناوی دەبات بۆ کۆنترۆڵکردنی پێکهاتەکانە و بە تەواوەتی ئازادییە نەتەوەیی و کەلتوریی و زمانییەکان پێشێل دەکات و جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان زەق دەکاتەوە، دژەدیموکراسییە بۆیە دەبێت هەرچی زووە هەموار بکرێتەوە..

دەمپارتی وتیشی'' تورکیا بەهۆی حکومەتەوە ڕووبەڕووی نایاسایی و بێدادی و چەوساندنەوە دەبێتەوە، ئەو کارانەشی دژ بە جەهەپە کران تەنها بەرامبەر پارتێک نەبوو، بەڵکو خواست و گەل کرانە ئامانج، تەنانەت دەسەڵاتی دادوەریی پەنای بۆ تۆمەتی سیخوڕیی برد.''
لە ١١ تەموزی ٢٠٢٥، پەکەکە هەنگاوی یەکەمی نا بۆ پرۆسەی ئاشتی و ٣٠ گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان بە شێوەی سمبولی سوتاند. ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە  لە سنورەکانی باکوری کوردستان بووە هەنگاوی دووەمی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن ئەو هێزەوە.

ئەو هەنگاوەی تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا  ناویەتی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان دروستکراوە، لە ٤٨ ئەندام پێکدێن كە ئاکەپە ٢١ پەرلەمانتار، جەهەپە ١٠ پەرلەمانتار، دەم پارتی و مەهەپە هەر یەکەیان ٤ ئەندامیان هەیە و یەکەم کۆبونەوەیان لە ٥ ئابی ٢٠٢٥، ئەنجامدا و تا ئێستا کارەکانی ئەم کۆمسیۆنە لە قۆناغی سەرەتایدایە و هەنگاوەکانیان گوێگرتن بوە لە ڕێکخراوی ژنان  و دایکان و گەنجان. 




PM:05:09:29/10/2025