وەزارەتی ناوخۆ: ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە کە باس لە قەرەبوکردنەوە دەکەن


وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق قەرەبووی ئەو خێزانانە بکاتەوە کە لە دوای ساڵی ١٩٧٥ ئاوارە بوون و دواتر گەڕاونەتەوە هەرێم. 

چوار شەممە، ٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە قەرەبوکردنەوەی ئەو خێزانانەی کە دوای ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران، تورکیا، سوریا، بوون، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیاریه‌تیی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادانه‌ جێبەجێ بکات، تا نووسینی ئەم ڕوونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییه‌وه".

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت " ئاگاداری هاونیشتمانیان دەکەینەوە کە نەکەونە بەر لێشاوی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک".

٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا (١٩٧٥)  حکومەتی عێراق و ئێران، ڕێکەوتنامەی جەزائیریان واژۆ کرد، دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە شۆڕشی کوردی بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی وەستا و بەشێکی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی لەگەڵ شۆڕش بوون ئاوارەی ئێران و سوریا و تورکیا بوون،  بەشێکیش خۆیان لە کوردستان دا بەدەستەوە، هەندێک لەو خێزانانەی ڕۆیشتنە دەرەوە تا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەگەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.




PM:08:05:29/10/2025